شه‌وێکی شووم
هادی ماجدی
نازانم په‌یوه‌ندی به چییه‌وه هه‌یه و بۆ (!؟)، به‌ڵام زۆرن ئه‌وانه‌ی که به‌رده‌وام سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌ت له بیر ئه‌که‌ن یان نایزانن و له ئه‌زموونی ڕابردوویه‌کی کورت لێی ئه‌گه‌ڕێن.
شیرینیش پێی وا بوو هه‌موو شتێک له‌و شه‌وه شوومه‌وه ده‌ستی پێ کردووه، هه‌ڕ بۆیه پاش تێپه‌ڕ بوونی حه‌وتوویه‌ک هێشتا ده‌ستی ئه‌و شه‌وه یه‌خه‌ی هزری به‌ر نه‌داوه.
ده‌نگی مووزیکێکی نه به‌زمی و نه ڕه‌زمی که هاوکات له هه‌ردووکیشیان ئه‌چوو و به‌دوایدا ده‌رکه‌وتنی جه‌حێلێکی قۆز و ته‌ڕپۆش له سه‌ر شاشه، سه‌رنجی شێرینی بۆ لای سه‌ته‌لایت ڕاکێشا و ئه‌و شه‌وه شوومه‌ی له بیر برده‌وه؛
(( بینه‌رانی هێژا_ به بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جێژنی سه‌ری ساڵ خۆم و هاوکارانم گه‌رمترین پیرۆزباییتان ئاراسته ئه‌که‌ین. هیواخوازین ساڵی نوێمان ساڵی هاتنه دی ئامانجه‌کانی سه‌رجم خه‌ڵکانی بێبه‌ش و داڕمانی ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ران بێت. سه‌ره‌تا گوێبیستی گۆرانییه‌ک بن و پاشانیش پێکه‌وه په‌یامی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی ڕێکخراوه‌که‌ی خۆمان ئه‌بیستین... فه‌رموون! ))
زرمه زرم و نووکه نووکێکی ئاشنا، به ڕیتمێکی سه‌ره‌ڕۆ و ده‌نگی چه‌پڵه و گۆرانییه‌کی فۆلکلۆر، تێکه‌ڵاو به دیمه‌نی ده‌شت و چیایه‌کی سیحراوی و ئاپۆره‌ی کۆمه‌ڵێکی به‌رچاو مرۆڤی به ڕواڵه‌ت به‌خته‌وه‌ر و کامه‌ران شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنی داگیر کرد. پێده‌چوو ئه‌و دیمه‌نانه به‌شداری به‌رفراوانی بنه‌ماڵه‌کان له ڕێوڕه‌سمی ڕێزگرتن له سه‌ری ساڵانی پێشوو بن. شیرین به وردی سه‌رنجی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی ئه‌دا و به دیتنی جادووی سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕین و ئاوازی له‌ش‌و لار و که‌یف خۆشی و ته‌بایی بنه‌ماڵه‌کان له داوێنی سرووشت جۆرێک هه‌ست کردن به ژیان و هه‌ناسه‌کێشانی له خۆی‌دا به دی کرد و ئازاره‌کانی له بیر برده‌وه.
ناکاو ده‌نگی باوکی له حه‌وشه هاته گوێی و په‌یوه‌ندی ئه‌و و ته‌له‌فزیۆنی پچڕاند...
(( ئاخر خانم بڵێم چی!؟ دوای ئه‌مه ئیزنیان پێ نه‌دام.. خۆشه ده‌رم که‌ن.. ده‌ست به داوێنی دوونیا بووین بۆ وه‌ی کارێکی باشم ده‌سه که‌وێت، ئیسه ئه‌م کاره‌م هه‌یه شکور.. قه‌ی چی ئه‌کا با به‌یانی نه‌چینه ده‌رۆ؟.. رۆژی سه‌یرانی گشتی!! کامه سه‌یران ڕه‌حمه‌ت له باوکت(!).. ئه‌ونه دڵمان خۆشه هه‌ر سه‌یرانمان ناته‌واوه.. وه‌ڵا له به‌یانییه‌وه چوومه‌ته سه‌ر کار هه‌تا ئیسه بۆ نانی نیوه‌ڕۆ نه‌بێت نه‌وه‌ستاوم.. با بچین شێوه‌که‌مان بخۆین.. بێرۆ.. بێرۆ.. سه‌یران!! هه‌ر سه‌یرانمان ناته‌واوه! مناڵه‌کانیش بانگ که با بێنه خوارۆ...))
ئه‌م وتانه به تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ ده‌نگ و ره‌نگی ته‌له‌فزیۆن فه‌زایه‌کی ئێجگار تراژیکی بۆ شیرین پێک هێنا! دیسانه‌وه سه‌رهه‌ڵدانی ئازار و به‌دوایدا هه‌میسان بیره‌وه‌ری ئه‌و شه‌وه شوومه وای لێکرد به سه‌ختی هه‌ناسه بکێشێت. گریانی ناواده و هه‌نسکه هه‌نسک و بێ‌هیوایی دیسانه‌وه درگای پێگرته‌وه.
خه‌ڵکانی ناو ته‌له‌فزیۆن به شێوه‌یه‌کی شێتانه و تێکه‌ڵاو به به‌ڕبه‌ڕییه‌ت هه‌ڵئه‌په‌ڕان و زرمه‌ی مووسیقاش هه‌ر وا درێژه‌ی بوو.
دووباره شیرین بیر بردیه‌وه. بیرێکی وا قووڵ که ورووژاندی. به پشته ده‌ستی فرمێسکه‌کانی سڕی و له جێگه‌ی خۆی هه‌ستا و چووه به‌ر ئاوێنه و چه‌ند چرکه و به وردی سه‌یری خۆی کرد. وه‌ک که‌سێک بڵێی سه‌ودای شتیکی به نرخ و گرانبایی بکات چه‌ند جار و زۆر به ئه‌سپایی و به ته‌ماحه‌وه ده‌ستی به گۆناو باسک و سینه و به‌رۆکی خۆی‌دا هێنا. هه‌موو سه‌ر و چاوی به عاره‌قێکی سارد خووسابوو و ڕواڵه‌تی سوور ئه‌ینواند.
تا ده‌هات ڕیتمی گۆرانی خێراتر ئه‌بوو، له شانه‌وه بۆ سمت و له‌وێوه بۆ سه‌رپه‌نجه و دیسانه‌وه شه‌قه‌ی چۆپی و ڕه‌شبه‌ڵه‌ک و ...
شیرین وه‌ک بڵێی له خه‌ڵوه‌تی خۆی و ئاوێنه به دوودڵییه‌وه بڕیارێکی گرنگی دابێت هه‌ناسه‌یه‌کی دوور و درێژی هه‌ڵکێشا. پاشان ئاوڕی داوه و به‌رامبه‌ری ته‌له‌فزیۆن ڕاوه‌ستاو ده‌ستی کرد به سه‌ما؛ لیپاو لیپ له سه‌ما و نغرۆ له هه‌ڵپه‌ڕین بوو. هه‌ڵپه‌ڕینێک که ته‌نیا و ته‌نیا لاوانی مه‌ست ئه‌یزانن و ئه‌یوێرن.. هه‌ڵپه‌ڕینێک که زه‌وی به ئاسمانه‌وه گرێ ئه‌دا و هه‌موو له‌ش و لاری مرۆڤ ئه‌بزوێنێت.. هه‌ڵپه‌ڕینێک که ...، هه‌ر عاره‌ق بوو که له نێو چاوانی ته‌ختیه‌وه ده‌تکایه سه‌ر گه‌ردنی زه‌ردی و له‌وێشه‌وه تنۆک تنۆک ده‌هاتنه به‌ر پێی.
(( شیرین_ شیرینه‌که‌م_ ئه‌وه لێره‌ی!؟ بێ با بڕۆین شێوه‌که‌مان خۆین، باوکیشت هاتووه‌تۆ و چاونواڕه، شیرین لێره‌ی!!؟))
ده‌رگا کرایه‌وه و شیرین دایکی به‌رامبه‌ری خۆی بینی. هه‌ر دوولا زۆر خراپ حه‌په‌سا بوون. تاوێکی کورت به بێده‌نگی تێپه‌ڕی.
(( سه‌لام دایه گیان..))
(( ئه‌له‌یکه سه‌لام! زۆرم بانگ کردی هیچ وڵامت نه‌بوو، هاتم به دواتا بچیین شێوه‌که‌مان خۆین.. ئه‌وه بۆ وا هه‌نسک ئه‌ده‌یت!؟ هه‌ڵئه‌په‌ڕیت!!!؟))
شیرین وڵامێکی نه‌داوه و پێده‌چو هه‌ر ئاگایشی له وته‌کانی دایکی نه‌بووبێت.
(( بێرۆ، بێ با بچیینه خوارۆ، باوکیشت چاوه‌نواڕه ))
ئه‌مه‌ی وت و به شێوازێکی پرسیاراوی و له‌سه‌رخۆ ڕۆیی.
په‌شۆکاوی و هه‌نسکه‌هه‌نسکی شیرین هێشتا درێژه‌ی بوو و جوان هه‌ست ئه‌کرا که بیری به باسێکی گرینگه‌وه خه‌ریکه. ئه‌وه‌ڵ له ژێر لێوه‌وه و دوای چه‌ن جار و به‌ره‌به‌ره به ده‌نگی به‌رزتر دایکی بانگ کرد: ((دایه دایه دایه .. ))
دایکی به سه‌ر سووڕمانه‌وه ئاوڕی داوه. شیرین بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی وڵامی دایکی بمێنێت و وه‌ک که‌سێک بڵێی ئه‌ترسا پاشگه‌ز بێته‌وه به په‌له وتی:
(( دایه من ئه‌م حه‌وته سه‌رانسه‌ر بیرم له‌و ماڵه کرده‌وه وا ئه‌و شه‌وه هاتبوون، کێشه‌یه‌ک نییه، ئه‌گه‌ر ئێوه پێتان باش بوو من قسه‌یه‌کم نییه، منیش له سه‌ر دڵی ئێوه‌م. )).
هه‌ڵپه‌ڕین و سه‌یران و گۆرانی کۆتایی هاتبوو و زه‌لامێکی به‌ساڵاچوو که به پێی به‌ڵێنی پێشکه‌شکاری سه‌ته‌لایت ئه‌بوو له ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی بێت، کاغه‌ز به ده‌ست له شاشه ده‌رکه‌وت. هه‌ر ئه‌و کات دایکی شیرین دای به ده‌م کابرادا و سه‌ته‌لایتی کووژانده‌وه و وێڕای شیرین بۆ شێو خواردن چوونه خواره‌وه.


